دەرماڵەی دوو مانگی خوێندکاران دابەشدەکرێت

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی هەژار و كەمدەرامەت دەكرێت، كە لە چوارچێوەی خێزانەكانی چاودێری كۆمەلایەتی تۆماركراون.

كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاندووە" دەرماڵەی خوێندكاران، كە بەشێوەی مووچەی هاوكارییە بۆ خوێندكاری ئەو خێزانانەیە، كە لە چاودێری كۆمەڵایەتی تۆمار كراون و بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەكەن".

ڕاشیگەیاندووە" هۆكاری دواكەوتنی خەرج كردنی ئەو پارەیە لە دوو مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ڕێكارە كارگێڕییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و لیستەكان لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی كار بۆ زانینی ناوی ئەو خێزانانەی دەیانگرێتەوە".

هەروەها وتی" ئەو دەرماڵەیەی خەرج دەكرێت بەم زووانە بۆ هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم (١٠ و ١١) دەبێت.

لەماوەی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەی هاوكاری بەشێوەی دەرماڵەی مانگانە پەسەند كرد بۆ خوێندكارە هەژار و كەمدەرامەتەكان لەسەرجەم قۆناغەكانی (سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی).


PM:01:50:08/12/2023