وەزارەتی ناوخۆ:بەزوترین کات لایەنی کەمتەرخەم لە ڕووداوەکەی سۆران دەست نیشان دەکەین

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیاند، "لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەستبەکاربوون، بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری روداوەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و خواستنی هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان، وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە هۆکاری ڕوداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوەی قەزای ناوەندی سۆران".

لە راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەکە ڕاسپێردران کە بەزوترین کات دەستبەکار بن و لێکۆڵینەوە بکەن لە هۆکارەکانی ڕوداوەکە و مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکە، و لایەنی کەمتەرخەم دەست نیشان بکەن.

لیژنەی وەزارەی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر روداوی ئاگرکەوتنەوەکە پێکهاتون لە، تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی پەیمانگەی بەرگری شارستانی بە وەکالەت،قادر رەسول، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران،کۆچەر عەبدوڵا قادر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی، دڵشاد مرادخان سەلیم، نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

لە شەوی رابردو ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبونی قەزای ناوەندی سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون کە ١٠ کەسیان ژن بوون و ٤کەسیس پیاوبوون پیشەیان مامۆستا بووە.


AM:08:22:09/12/2023