لەگەل هاتنی وەرزی زستان نرخی هەندی لە پەلەوەرەکان وەک قەل وقاز و مراوی زیادی کردووە و لە بەرامبەردا نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان ڕایگەیاند، "کیلۆی مریشک لە کێڵگەکان ٢ هەزار و ٣٠٠ دینار بۆ ٢ هەزار و ٤٠٠ دینارە. بەشێک لە مریشک فرۆشەکانیش کیلۆی ١٥٠ دیناری دەخەنە سەر و بەشێکی دیکەشیان کیلۆی ٢٥٠ دینار خێری دەخەنە سەر".
نازم عەبدوڵڵا وتیشی، "بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانی و بەرزی نرخی سووتەمەنییەوە، ئێستا تێچووی پێگەیاندنی کیلۆیەک مریشک ٢ هەزار و ٧٠٠ دینارە، هەربۆیە خاوەن کێڵگەکان لە زیاندان".
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشکەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان وتی، "مریشکێکی زۆر لە کێڵگەکاندان و هێندەی بوونیان خواستیان لەسەر نییە. نرخی هەموو شتێکیش بەگوێرەی خستنەڕوو و خواست بەرز و نزم دەکات."
لە ئێستادا نرخی قاز کیلۆی ١٢ هەزارە و نرخی قەلیش نێرەکەی بە ١٥ هەزارە و مێیەکەی بە ١٢ هەزارە، بەراورد بە وەرزی هاوین نرخەکەی نزیکەی ٥ هەزار بەرزبووەتەوە و خواستێکی زۆری لەسەرە.
مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشک نرخەکەی بەرزبووە بۆ چوار هەزار دینار، لە ئێستاسدا نرخەکەی بەشیوەیەک بەرچاو کەمبۆتەوە.