عه‌بدولڕه‌زاق محێبس سه‌عداوی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق رێنمایی نوێی بۆ كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی ده‌ركرد و ڕایگەیاند، "خزمه‌تگوزاری تۆماركردنی ئه‌لیكترۆنی بۆ تكتی گه‌شتكردن له گه‌شته‌كانی هێڵی ئاسمانی نیشتمانیدا بۆ ده‌ره‌وه و ناوخۆی وڵات ده‌ستپێبكه‌ن".
ڕۆژی ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، عه‌بدولڕه‌زاق محێبس سه‌عداوی له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه،" وه‌زاره‌ته‌كه‌یان خزمه‌تگوزاری تۆماركردنی ئه‌لیكترۆنی بۆ تكتی هێڵی ئاسمانی عێراقی ده‌ستپێكردوه، به ئامانجی ئاسانكاری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌شتیاران و دوركه‌وتنه‌وه له كێشه‌ی ڕۆتینی و تۆماركردن له فه‌رمانگه‌كانی ده‌ره‌وه دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵ راگیرابوو".
له‌لای خۆشیه‌وه، مه‌ناف عه‌بدولمونعم به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی دوپاتیكرده‌وه، ئه‌م خزمه‌تگوزارییه ڕێگه به كڕیاران ده‌دات به ئاسانی ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی چونه ژوره‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان و هه‌ڵبژاردنی شوێنی مه‌به‌ست و دانانی واده به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان.
وتیشی، "میكانیزمی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی له ڕێگه‌ی كارتی ڤیزه و ماسته‌ركارده‌وه ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م تكتی گه‌شته‌كانی رۆیشتن و هاتنی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات".