لە سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیر دەکرێن

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" دوای رووبەڕووبونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر توانیویانە بە برینداری تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن". 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، لە رۆژی ١٩-١٢-٢٠٢٣، دوای چاودێریکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر کە پێشینەی تاوانیان هەبووە و لەکاتی مامەڵەکردنیان بە مادەی کریستاڵ، هێزەکانی ئاسایش هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدەن و تۆمەتباران بە بۆمبی دەستی و چەکی جۆری دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانمان دەبنەوە و هەوڵی هەڵاتن دەدەن".
 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە ئەنجامدا، هێزەکانی ئاسایش هەردوو تۆمەتبار بە برینداری دەستگیردەکەن و دەست دەگرن بەسەر بڕی زیاتر لە یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ".
 
پێشتریش ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، ئێستا لە کۆی پێنج هەزار و ٤١٨ سزادراو، هەزار و ١٨٠ سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن، کە٥٢٠ ـیان بازرگان و ٦٦٠ـیان بەکارهێنەرن".. 



PM:09:15:19/12/2023