شەش ئەندامی خێزانێک لە رانیە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شەش ئەندامی خێزانێک لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەهۆی خواردنی قارچک ژەهراوی بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە.
دکتۆر زمناکۆ عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەمبارەیەوە رایگەیاند" پێنج لە نەخۆشەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و تەنیا یەک کەسیان لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە کە ئەویش چارەسەری تەواوی وەرگرتووە و ئێستا تەندروستی جێگیرە".
هەروەها وتیشی" لەم هەفتەیەدا دووەم جارە بەهۆی خواردنی قارچک حاڵەتی ژەهراویبوون روودەدات و سەردانی نەخۆشخانە دەکەن".
دکتۆر زمناکۆ عوسمان راشیگەیاند" نیشانەکانی ژەهراویبوون زیاتر بە رشانەوە، سکچوون، سەرئێشە و ئارەقکردنەوە دەردەکەون."