سودانی: هێرشەکانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان دوژمنکارانەن

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کۆبوونەوە و چەند بابەتێکی گرنگیان تاوتوێ کرد وسەرۆک وەزیرانی عێراق باسی ئەم هێرشانەی بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان کرد و وتی" هێرشەکانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان دوژمنکارانەن".

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ، پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، باسی هێرشەکانی بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان لە خاکی عێراق کرد و رایگەیاند" لەم دواییانەدا هەندێک هێرش کرایە سەر راوێژکاران، ئێمەش هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە کە ئەو دەستدرێژییانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیێنن، هەروەها کاریگەریشیان دەبێت لەسەر ئارامی و ئاسایشی عێراق".

سوودانی وتیشی" حکومەتی عێراق تێگەیشتووە و دەتوانێت کارەکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی دیپلۆماتە بیانییەکان و راوێژکاران لە عێراق بپارێزێت".

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نێوان قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم هێرشانە بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان دوژمنکارانەن.

سودانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاردەکەن لە ئایندەدا کۆتایی بەو هاوپەیمانییەتیە سەربازییە بێنێن کە لە دژی داعش هەیانە، ئەو پێیوایە عێراق توانای سەربازی تەواوی هەیە کە بەرگری لەخۆی بکات.(عێراق  لە ئایندەدا دەیەوێت هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا دەربکات.) 

لایەنە ئیسلامییەکان چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە خاکی عێراق و سوریا و سەرەتای ئەم هەفتەیەش  هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەولێرو لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گورزێکی قورسی لە بنکەی حزب الـلەی عێراقی دا لە نزیک شاری حڵە لە باشوری بەغدا.

شەوی رابردوو، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، پێشتر رۆژنامه‌ی (بایس)ی ئیسپانیا ئاشكرایكردبوو، ئیسپانیا (٥٥٠) سه‌ربازی لە  عێراقدا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی دژی داعش. 

دوای ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنی فەرمی هاتنی پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بۆ عێراق، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆی چەند بابەتێکی گرنگیان کرد‌.



AM:11:53:28/12/2023