نوسەر و رۆژنامەنووس فریاد هیرانی کۆچی دوایی کرد

نوسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی باشوری کوردستان، فریاد هیرانی ئەمڕۆ ٣٠ ی کانوونی یەکەم لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
فریاد هیرانی ماوەیەکە نەخۆشی دڵیەتی و بۆ نەشتەرگەری چۆتە وڵاتی ئەڵمانیا و ١٨ ی کانوونی یەکەم نەشتەرگەری دڵی بۆ ئەنجامدراوەو، دوای نەشتەرگەرییەکە ئەمڕۆ لەو وڵاتە کۆچی دوایی کردووە.

فریاد هیرانی لە خێزانێکی تێکۆشەری شەقڵاوە لە دایکبووەو منداڵی و ژیانی لاوێتی لە پارێزگای هەولێر بووە، دواتر لە ریزەکانی بزووتنەوەی رزگاری خەڵکی کوردستان پێشمەرگە بووە، هاوشانی ئەم ئەرکە شۆڕشگێڕیەش هەمیشە هاوڕێی قەڵەم و کتێب بووە، لە دوای راپەڕینیشەوە وەک رۆژنامەنووسێک و نوسەرێک لە باشوری کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

چەند ساڵێکە ئەندامی کارای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەو لە هەرچی رووداوە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی خۆی هەبووە.

ئەم رۆژنامەنووسە پێش نەشتەرگەری لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەم چەند دێڕەی نووسیووە:

ئەمڕۆ، بەم بەربەیانیە زووە، چەند ساتێک پێش ئەوەی بچمە ژووری نەشتەرگەریی - نەشتەرگەریی گۆڕینی سەمامێک و سێ دەماری دڵ- ئەم ووشانەم نوسی نازانم چی لێ دەرچووە ؟

گرنگ ئەوەیە زادە و هەڵقوڵاوی چرکەساتێکی تایبەتن!

بەو هیوایەی بە تەندروستییەکی تەواو بچمە ساڵی نوێ) ئەی تەبیبی دڵی پڕزام و برینم من ڕێبواری ڕێگەیەکی دوورودرێژم،

ڕێگایەکی پڕ دڕک و داڵ سەخت ودژوار دڵم زۆر شەکەت و ماندوو،

خەفەتبارو کەسەربارم هێندە شکاوە، وردوخاشبووە نازانم چۆن کۆی کەمەوە،

پارچەکانم! دکتۆر لە (دۆیچ) زۆر لاڵم! بەس بە ئاماژە تێمدەگەی،

چەند وێرانە دڵ و حاڵم فەرموو ئەوە سینگی کراوەم ئەمەش نوکی کێرد و چەقۆت،

بۆم ساڕێژکە، هەموو برینی دەردەکانم!

فریاد هیرانی نەخۆشخانەی دڵ لە ئۆڵدنبۆرگ/ ئەڵمانیا 18.12.2023



PM:07:15:30/12/2023