سودانی هێرشەکەی سەر هاوینەهەواری سەلاحەدین بە دوژمنکارانە وەسف دەکات


سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەوی سەر هاوینەهەواری سەلاحەدین بە دوژمنکارانە وەسف دەکات و " بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ ناوزەد دەکات". 

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی لە بارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر هاوینەهەواری سەلاحەدین، داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد " لەسەر هێرشی تاوانکاری بۆ سەر هاوینەهەواری سەلاحەدین" بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتووە، " فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکانی کردووە بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەو هێرشە تاوانکاریەی کاتژمێر ٧:٣٠ ی شەممە بۆ سەر هاوینەهەواری سەلاح الدین لە پارێزگای هەولێر لە رێگای فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوەو  سەربازگەیەکی یەکەکانی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردۆتە ئامانج".

لەراگەیاندنەکەدا هاتووە "راستەوخۆ دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان داوایکردووە دەستبکرێت بە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی تۆکمەی لەو ڕووداوە تاوانکارییەکە".

 هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان ئەو لێکۆڵێنەوەیە ئەنجام بدەن".

 ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە ئەو لێکۆڵینەوەیە بە ئامانجی ئاشکراکردنی زانیاری و داتاکانی هێرشەکەیە بە مەبەستی گەیشتن بەو ئەنجامانەی کە پێویستن بۆ دیاریکردنی لایەنی جێبەجێکار و ئامانجەکانی پەرەسەندنەکە، کە کاریگەری لەسەر سەروەری نیشتمانی هەیە و هەوڵێکە  بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی".

شەوی رابردوو هێرشێک لە ڕێگای درۆنەوە کرایە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە هاوینەهەواری سەلاحەدین کە بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیشی لێیە.



PM:03:44:31/12/2023