شۆفێرانی دەروازەی پەروێزخان مانیان گرتووە

شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان مانیان گرتووە پاش بڕیاری بەرپرسانی دەروازەکە لە دیوی ئێران، کە ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە ١٠٠ لیتر زیاتر گاز لە تەنکی ئۆتۆمبێلەکەیدا هەبێت سزا دەدرێت.

ماوەی سێ ڕۆژ دەبێت بەرپرسانی ئێران بڕیارەیان داوە کە هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر زیاتر لە ١٠٠ لیتر زیاتر گازی لە تەنکی ئۆتۆمبێلەکەی دابێت سزا دەدرێت و شۆفێرانی نیگەران کردووە و بەو هۆیەوە جموجۆڵی بازرگانیان ڕاگرتووە و شۆفێران دەڵین" تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە ئامادەنین بچینە ناو خاکی ئێرانەوە".

شوفێرانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە" شوفێرە ئێرانییەکان کاری خۆیان دەکەن و کێشەیان نییە، لە دیوی ئێران لیتری گاز بە ٥٥٠ دینار بۆمان هەژمار دەکەن لە دیوی خۆشمان ٥٠٠ واتە هەر لیترێک ١١٠٠ دینار لەسەر ئێمە دەوەستێت".

لەمبارەیەوە عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخانیش دەڵێت" لە هەوڵدان بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە داخستنی ئەو مەرزە بۆ هەر ڕۆژێک یەک ملیار دینار زیانی هەیە".

لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەنێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢ هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبیل جموجۆڵی بازرگانی دەکەن، داهاتی مانگانەی دەروازەکە زیاتر لە ٢٠ ملیار دینارە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاگرتنی کاری شوفێران لە دەروازەی پەرێوێزخان تەنیا شوفێران لێی زەرەرمەند نابن، بەڵکو زیان بە جموجۆڵی بازرگانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دەگەیەنێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کەوتووەتە نزیک گوندی پەروێزخان لە سنووری ناحیەی قۆرەتووی سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی بەردەعەلی خواروو، لە باشوور لەگەڵ شارۆچکەی قەسری شیرین لە رۆژھەڵاتی کوردستان.


AM:09:32:04/01/2024