دابەشکردنی بەشەخۆراکی ئەم مانگە دەستپێدەکات

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، چەند رۆژێكی دیكە دابەشكردنی بەشەخۆراكی ئەم مانگە دەستپێدەكات و سەبارەت بە دابەشکردنی گۆشتیش تا ئێستا حکومەتی عێراق وەڵامی نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند:"سەبارەت بە دابەشكردنی گۆشت كە بڕیارە بە نرخێكی پاڵپشتیكراو بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت، تائێستا حكومەتی عێراق وەڵامی نووسراوەكەمانی نەداوەتەوە، چونكە دابەشكردنی ئەو گۆشتە تائێستا تەنیا بەشێك لە گەڕەكەكانی بەغدای گرتووەتەوە".

وتیشی: "دابەشكردنی بەشەخۆراكی ئەم مانگە لە ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، واتە چەند رۆژێكی دیكە دەستپێدەكات و هەمان ئەو ماددانە دابەش دەكرێن كە لە ساڵی رابردوو دابەشكراون".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانی كارمان بۆ ئەمساڵ لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەوەیە كە بەشەخۆراك وەك خۆی دابەش بكرێت، وەك ساڵی رابردوو، پێشنیاز كراوە بۆ ئەوەی پەنیر، شیر و ئاردی سفر بۆ بەشەخۆراك زیاد بكرێت، بەڵام تائێستا رەزامەندییان لەسەر ئەو پێشنیازە نەداوە بۆ جێبەجێ كردنی، چونكە دەبێت پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران رازەمەندی بدەن و بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان بكەن، ئینجا وەزارەتی بازرگانی عێراق بیداتە هاووڵاتییان.



PM:06:55:11/01/2024