ئەمریکا جارێکیتر حوسییەکانی لە یەمەن بۆردوومان کردەوە

ئەمریکا جارێکیتر پێگەی حوسییەکانی سەر بە ئێرانی لە رێگەی مووشەکەوە لەناو خاکی یەمەن بۆردوومان کردەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی حوسییەکانی سەر بە ئێران لەناو خاکی یەمەن کە سیستەمی راداری تێدابووە و، وێرانیان کردووە".

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، هێرشە نوێیەکەی حوسییەکان لە یەمەن درێژەی هێرشەکانی ڕۆژی پێشوو بوو بۆ سەر ئەم گرووپە و لە وەڵامی هێرشەکانیان بۆ سەر هێڵە کەشتییە بازرگانییەکانە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان پەیوەندییان بە هاوپەیمانی سەربازیی ٢٠ وڵاتەوە نەبووە بۆ پاراستنی هێڵەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور و باب ئەلمەندەب و کەنداوی عەدەن.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" حوسییەکانی سەر بە ئێران لە ٢٨ی ئەم مانگەوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، درۆن، مووشەکی بالیستی دژە کەشتی و مووشەکی کروز، ٢٨ جار لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکان وگێچەڵەیان پێکردوون''.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی هەینی١٢ی کانوونی دووەم، ئەمەریکا و بەریتانیا بە هاوکاری وڵاتانی هۆڵەندا، ئوسترالیا، کەنەدا و بەحرەین ٦٠ بنکە و بارەگای حووسییەکانیان لە چوار شاری یەمەن بە ١٠٠ مووشەک بۆردوومان کرد. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی کە حوسییەکان دەیانکردە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.




AM:09:47:13/01/2024