پاکستان بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر باشوری ئێران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە سوپای پاکستان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو شوێنەی کە ناوی دەنێت بارەگای شەڕڤانانی بەلووچ لە ئێران ئەنجامداوە. ئەم هێرشە دوای دوو ڕۆژ لە هێرشی ئێران بۆ سەر گروپێکی چەکداری سوننە لە پاکستان ئەنجام دەدرێت کە بەهۆیەوە دوو کوژراوی لێکەوتەوە و گرژییەکی توندی نێوان هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئەم هێرشەی پشتڕاست کردەوە و ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند موشەکێک بەر گوندێکی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران کەوتووە و حەوت خاڵی کردووەتە ئامانج.

نیویۆرک تایمز رایگەیاندووە " لانی کەم ٧ کەمپی کردۆتە ئامانج کە جوداخوازانی بەلووچ بەکاریان دەهێنن لە قووڵایی ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لە خاکی ئێران".

هەروەها نوسیوێتی" پاکستان ئاماژەی داوە بۆ پاراستنی ڕێگریکردن، لێدانی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئێران پێویست بوو. ئێستا پاکستان داوای لە ئێران کردووە خۆی لە هەر ڕێوشوێنێکی نوێ بپارێزێت. ئەگەرنا ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان هەیە”.

لە بەرامبەردا جێگری ئاسایشی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان بە تەلەفزیۆنی ئێرانی ڕاگەیاندووە "لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی پاکستان بۆ سەر گوندێکی ئێران سێ ژن و چوار منداڵی هاوڵاتیانی غەیرە ئێرانی کوژراون".

ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئێران ڕایگەیاند هێرشی کردۆتە سەر بارەگاکانی گروپی چەکداری سوننەی جەیش ئەلعەدل لە پاکستان کە کاردانەوەی توندی پاکستانی لێکەوتەوە.



AM:09:28:18/01/2024