دادگای فیدراڵی لە یەك ڕۆژدا تاوتوێی پێنج سکاڵا دەکات کە لەسەر هەرێم تۆمار کراون

دادگای فیدراڵی لە یەك ڕۆژدا تاوتوێی پێنج سکاڵا دەکات کە لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و پەیوەندییان بە هەڵبژادن و دۆسیەی داراییەوە هەیە.

بەگوێرەی خشتەی کۆوبونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دادگا دەربارەی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.

هەر هەمان رۆژ دادگای باڵای فیدراڵی تاوتوێی دوو سکاڵای دیکە دەکات کە لە بارەی مووچەوە لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

سکاڵایەکی دیکەش سەبارەت بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای دانیشتنەکەی یەکشەممەی دادگای فیدراڵیدایە.

سکاڵای پێنجەمیش لە دژی یاسای بنبڕکردنی تیرۆری هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییەوە تۆمارکراوە.

 


PM:03:15:19/01/2024