سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان رایدەگەیەنێت" ژمارەیەکی دیار لە مامۆستایان و وانەبێژان دەستگیرکراون".
عەتا ئەحمەد سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیار لە مامۆستایان و وانەبێژانی هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەکان دەستگیر کراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە مامۆستایان بەشێوازێکی مەدەنی و شارستانیانە داوای مافی یاسایی خۆیان دەکەن لە موچە و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان، حکومەتی هەرێم یەک هەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.
ڕاشیگەیاندووە" حکومەتی هەرێم لە بری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، پەنای بردوەتە بەر دەستگیرکردن و هەڕەشەکردن، مامۆستا شایانی ڕێزلێگرتنە نەک بێ ڕێزی پێکردن".
هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بڵاویانکردەوە" پێویستە بەڕێوەبەرانی پەروەردەکان فشارەکانیان ڕاگرن، ئەوەی بەرامبەر مامۆستا دەکرێت زۆردارییە و دەبێت داواکانیان جێبەجێبکرێت".
دەشڵێن" پاشەکشەکردن بەبێ دەستکەوت شکاندنی ورەی مامۆستایانە، و ئەو فشارانەش بە شکاندنی شکۆی مامۆستایان ناودەبەن کە بۆ داوا ڕەواکانیان چەندین مانگە لەسەر شەقامن".