ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی پێنج سکاڵا لەسەر هەرێم تاوتوێ دەکات

دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ تاوتوێی پێنج سکاڵا دەکات کە لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و پەیوەندییان بە هەڵبژادن و دۆسیەی داراییەوە هەیە.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربارەی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی تاوتوێی دوو سکاڵای دیکە دەکات کە لە بارەی مووچەوە لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

سکاڵایەکی دیکەش سەبارەت بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای دانیشتنەکەی یەکشەممەی دادگای فیدراڵیدایە.

سکاڵای پێنجەمیش لە دژی یاسای بنبڕکردنی تیرۆری هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییەوە تۆمارکراوە.


AM:09:33:21/01/2024