وێنە.. مامۆستایانی ناڕازی خۆپشاندانیان ئەنجامدا

سەرباری بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە، بایکۆت لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و هەردووک ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە و ئەمڕۆش مامۆستایان خۆپشاندانیان ئەنجام دا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ جارێکی دیکە مامۆستایانی ناڕازی لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە و کەلار بۆ دەربڕینی ناڕازەیەتی هاتنەوە سەر شەقامەکان و خۆپشاندانیان ئەنجانمدا.

دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دیارترین داواکاری مامۆستایانن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچیانی جێبەجێ نەکردووە.

مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند" تا هەڕەشە بکەن ئێمە سوورتر دەبین لەسەر بایکۆت و مافەکانمان رەوان و لە هێز ناترسین و داوا دەکەین بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن".

لە سلێمانی یەک لەسەر سێی قوتابخانەکان دەوام دەکەن و بایکۆت لە بەشەکەی تری قوتابخانەکان بەردەوامە.

بەردەوامبوونی بایکۆت لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان فشار دەکەن بۆ شکاندنی بایکۆت و دوێنێش ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک راگیران و دواتر ئازاد کران.

بۆ بینینی ڤیدیۆ و وێنەی زیاتری خۆپشاندانەکانی ئەمڕۆی مامۆستایان لە سلێمانی سەردانی پەیجی سپی بکەن.




AM:10:59:21/01/2024