شارەزایەكی كەشناسی ئاماژەی بەوەدەکات کە دوو شەپۆلی سەرما و بەفر بارین لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە سەنتەری بەشێكی شارەكان دەبارێت و دەشڵێت" لە ٢٧ی مانگەوە ئەچینە نێو زستانی راستەقینە و سەرما و سۆڵەوە".
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" لە قۆناغی شەپۆلی ٢٧ بۆ ٢٨ی مانگ، کە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد، پێشبیبی بارینی بەفرێکی زۆر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و شارە شاخاوییەکان ئەکرێت لەکۆتایی ئەم شەپۆلەشدا سەنتەری شاری سلێمانی ئەگرێتەوە".
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت" شەپۆلێکی دیکەی بەفر بارین ھەیە لەنێوان ٣١ی مانگ بۆ ٤/٢/٢٠٢٤، ئەم شەپۆلەیان پێشبینی دەکرێت بارستە ھەوایەکی سارد و بەھێزی لەگەڵدابێت بەفرێکی زۆر ببارێتەوە لەناوچە شاخاوییەکاندا و لەسەنتەری شاری سلێمانیش ڕێژەیەکی باش ببارێت و لەسەنتەری شارەکانی ھەڵەبجە و دھۆک و موسڵ ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت و لەسەنتەری شاری ھەولێریش ئەگەر ھەیە کەمێک ببارێت لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ھەرچەندە زستانی ئەمساڵ تا ئێستا لەڕووی ڕێژەی بەفر و سەرماوە بەراورد بە زستانەکانی ڕابردوو کەمتربووە و گەرمتربووە، بەڵام بەگشتی لە ٢٧ی ئەم مانگەوە تا سەرەتاکانی مانگی شوبات ئەتوانین بڵێن ئەچینە نێو زستانی ڕاستەقینە و سەرما و سۆڵەوە.