ڤیدیۆ.. هەڵوێست بەرهەمێک پێشکەش بە (بێوەفایەك) دەکات

گۆرانیبێژی لاوی کورد هەڵوێست محەمەد نوێترین کاری هونەری خۆی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" بۆ بێ وەفایەك وتراوە".

هەڵوێست لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژە بە نوێترین کاری هونەری خۆی دەکات و دەڵێت " لە ناخی دڵەوە ئەم هەستە هەڵقوڵاوەش بۆ بێ وەفایەک ووتراوە". 

هەروەها هەڵوێست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێك لە تێزەری بەرهەمە نوێیەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە" بەوپەڕی خۆشحالییەوە پێتان دەڵێم گۆرانییەکتان پێشکەش دەکەم بە ناوی (پەشیمان ئەبێتەوە)، خۆزگە ئەمتوانی پەشیمان نەبوومایەتەوە لەوەی ئەمە دواهەمین گۆرانیم بووایە و ئیتر گۆرانیم نەوتایە، بۆی هەر کاتێک ناوی من هات ئەم گۆرانییە لەگەڵتاندا بمێنێتەوە و بێتەوە بیرتان". 

بەرهەمە نوێکەی هەڵوێست بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە بڵاوبکرێتەوە کە لە تێکست و میلۆدی فەریاد مەجید ئابادە، کاری میوزکی لەلایەن عەلی شەریف زادەوە بۆ کراوە، ئەفشین شوکری کاری ئەرێنجمێنتی بۆ ئەنجامداوە و لە دەرهێنانی زانیار فەتاحە. 

ھەڵوێست خەڵکی شاری سلێمانییە، بەشی ئەندازیاری تەواوکردووە، چەند ساڵێکە دەستی بە کاری ھونەری کردووە کە خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ بۆیەکەمجار بەشداری فیلمی سینەمای پەیکەری دڵ کردووە، لە فیلمێکیشدا بە ناوی تەمی بابا بەشداری کردووە. 


AM:10:11:24/01/2024