دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە ھەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە "پێدانی نەوت بە نرخی هەرزان و دەرهێنانی مووچەی هەرێم لە خەرجی فعلی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، سکاڵاکان لە تایبەتمەندی دادگاکەیان نین".

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٤ی کانونی دووەمی ی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو سكاڵای پەرلەمانتار نەهرۆ مەحمود كۆبووەوە، كە لەسەر وەزیری نەوت و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی عێراق تۆمار كرابوون.

لە سكالای یەكەمیاندا بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی، كە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، لەسەر وەزیری نەوتی عێراق تۆماركراوە "داواکراوە ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق، نەوتی سپی و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای یەكسانی لەنێوان هەموو هاووڵاتیانی عێراقدا".

سکاڵای دووەمیش كە لەسەر وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراق تۆماركرابوو داواکراوە "پشکی ھەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە و ئەو مادەیەی یاسای بودجە، كە پشكی هەرێمی خستۆتە سەر خەرجی فعلی بە نادەستووری دابنرێت و ئەو وەزارەتانە پابەند بكرێن بە ڕەچاوكردنی بنەمای یەكسانی و خەرج كردنی مووچە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە".

دادگای فیدڕاڵی لە یەکەم دانیشتنیدا ھەردوو سکاڵاکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو سکاڵایانە لە تایبەتمەندی دادگاکەیان نین.


PM:05:14:24/01/2024