ژمارەیەک کەسوکاری خوێندکاران: هیچمان مافی ئەوەمان نییە منداڵەکانمان وەک چەکێک دژی دەسەڵات بەکاریان بهێنین

ئەمشەو کەسوکاری خوێندکاران لە بەردەم پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و لە پەیامێکدا داوایان لە مامۆستایان کرد کە بایکۆت بشکێنن و وتیان" هیچمان مافی ئەوەمان نییە سزای منداڵەکانمان بدەین و وەک چەکێک دژی دەسەڵات بەکاریان بهێنین".


ئەمشەو چوارشەممە کەسوکاری خوێندکاران لەبەردەم و پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و لە پەیامێکدا بۆ مامۆستایان رایانگەیاند" هیچ کەسێک نییە لە ئێوە زیاتر دڵسۆز و خەمخۆری راستەقینەی پەروەردە بێت، هەمووان دەزانن هۆکاری کێشەکانی مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران دەسەڵاتی شکستخواردووی هەرێمە، کە لە رێی بەناو  ئابووری سەربەخۆوە ژیان و گوزەرانی هەمووانی تێکدا و چەندین ساڵە منداڵانمان لە پێناو قازانجی چەند کۆمپانیایەکی بنەماڵەکاندا بوونە قوربانی''.

هەروەها وتیان" هیچمان مافی ئەوەمان نییە سزای منداڵەکانمان بدەین و وەک چەکێک دژی دەسەڵات بەکاریان بهێنین، کاتێک منداڵ دەکرێتە چەک و و بەکار دەهێنرێت لە ململانێی نێوان مامۆستایان و حکومەتدا کەیسی رەوای مامۆستایان لەکەدار دەبێت کە هیچ کەسێک حەز بەو لەکەداربوونە ناکات''.

کەسوکاری خوێندکاران لە پەیامەکەیاندا داوایان لە مامۆستایان کرد کە بە بڕیارێک ببن بە فریادڕەس بۆ داهاتووی منداڵەکانیان، و نەبوونی خوێندنی ئەمساڵ نەبێتە گرێی دەروونی لەسەر منداڵەکان  و هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە نەوەکانیان لەبەردەم مەترسییەکی جددیدان و باروودۆخی دەروونیان شڵەژاوە.

بۆ بینینی تەواوی پەیامی کەسوکاری خوێندکاران سەردانی پەیجی سپی بکەن.



PM:09:59:24/01/2024