لەسەر بارگرژی نێوان پێشمەرگە و گەرێلا وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.. (سپی) زانیاری بڵاودەکاتەوە

لەسەر بارگرژی نێوان پێشمەرگە و گەرێلا وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەک بڵاوکردەوە و دەڵێت" چەکدارانی پەکەکە بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە". مالپەڕی ( سپی ) بەپێی بەدواداچوونی خۆی خۆی زانیاری لەسەر ئەو شەڕە نێوان گەریلا و پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە.

ئەمشەو چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بارگرژییانەی لە ئامێدی لە نێوان پێشمەرگە و گەرێلاکانی پەکەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە" میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر، لێرەدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان ڕووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە". 

لە بەشێکیتری راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا هاتووە" ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان". 

لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە" هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و  بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج".

لە لایەکی ترەوە بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕی ( سپی ) نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە دوو ئۆتۆمبیل کە پیدەچێت گەریلای تێدابووبێت لە چیای گارەوە بەرەو چیای مەتین رۆشتوون، دواتر لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە سەنگەرێکی پێشمەرگەوە لە نزیک گوندی مژێ تەقەیان لێکراوە، گەریلاکانیش بەرپەرچیان داونەتەوە، گەریلا ناچاربوون ئۆتۆمبیلەکان جێبهێڵن، ئەمشەو ئەو ئۆتۆمبیلانە لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە بۆردومان کران.

تا ئێستا نەزانراوە ژمارەی زیانە گیانییەکانی گەریلا چەندە، بەلآم پێشمەرگە زیانی گیانیان پێنەگەیووە.

هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی پەکەکە چەک و ئازوقەیان بردبێت بۆ چیای مەتین و لەکاتی گەڕانەوەیانددا پێشمەرگە تەقەیان لێکردوون. 





PM:10:59:24/01/2024