لە سلێمانی بایکۆتکردنی کەرتە حکومییەکان فراوان دەبێت

ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند. 

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ماڵپەری (سپی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی مووچە، کارمەندانی نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی، بایکۆتی کارەکانیان کرد و لە بەردەم نەخۆشخانەکەیان گردبوونەوە. 

دوێنێش هەریەک لە دادگای سلێمانی و فەرمانگەی دادنووسی بەکرەجۆ و کارەبای سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان کرد و ئەمڕۆش بەردەوام بوون لە مانگرتن و بایکۆتی دەوامیان کرد. 

ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەش كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لەناو بەڕێوەبەرایەتیەكانیان بایكۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند.

هەر ئەمڕۆ كارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی كەلار درێژەیان بە بایكۆتی کارکردنیاندا و جارێكی دیكە داوای دابەشكردنی مووچەکانیان لە وادەی خۆیدا کردەوە. 

رۆژی ١٣ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی نارازی سنووری پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیە) و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، دژی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن.

هەرچەندە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، بەڵام تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و تائێستاش چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو نادیارە، حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوی) هەرێمیش چاوەڕوانی ناردنی (٦١٨) ملیار دینارەکەی بەغدایە تا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.


PM:12:30:30/01/2024