مامۆستایانی ناڕازی: مووچەی بدەن و نەدەن شۆڕشی سپی مامۆستایان بــەردەوامـە

دوای ٥٠ ڕۆژ خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیەنرا و مووچەی سێ‌ مانگی ساڵی ڕابردوو بە چارەنووسێكی نادیار سپێردراوە و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە بایكۆت و خۆپیشاندان تاوەكو جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكانیان.

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ڕۆژی یەك شەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان دابەش دەكرێت، بەڵام مووچەی سێ‌ مانگی ساڵی ڕابردوو چارەنووسی نادیارە و هاوكات داواكارییەكانی دیكەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە پلەبەرزكردنەوە و پێدانی مووچە لە بەغداوە تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.

مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنن" مووچەی بدەن و نەدەن شۆڕشی سپی مامۆستایان بــەردەوامـە تـاوەکــو جێبەجـێ کـردنـی تــەواوی داواکاریەکانمان و بــایکــۆت بـەردەوامــە".

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی بڵاویكردەوە" ڕۆژی دوو شەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕۆژێک دوای وەرگرتنی مووچە، لەژێر ناوی (پێکەوە بەهێزترین) کاریگەرترین خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ڕادەگەیەنین".

لای خۆشیانەوە، لە هەڵەبجە بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەری سەرجەم چین و توێژەكان بڵاوكرایەوە و داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكاران و هاووڵاتیان دەكرێت، "بەشداری لە خۆپیشاندانی فراوان بوونی بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان بكەن".

ئاماژە بەوەشكراوە، ڕۆژی دووشەممە لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی خۆپیشاندان لە بەردەم فولكەی عومەری خاوەر ئەنجام دەدرێت.


PM:12:22:02/02/2024