له ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا له به‌ندیخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ٧٤ كه‌س له‌سێداره‌دراون كه حه‌وت كه‌سیان به‌ندكراوی سیاسی و ئاینی بوون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه" له مانگی رابردودا ٧٤ كه‌س سزای له سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێكراوه، تا ئێستاش ناسنامه‌ی ٧٣ كه‌سیان ئاشكراكراون، له‌م ژماره‌یه ٤٦ به‌ندكراویان به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه بوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سزای سێداره‌ی ٣٤ به‌ندكراوی كورد كه ده‌كاته ٤٦% كۆی گشتی ئاماری له سێداره‌دراوانی مانگی رابردوو، ٧ به‌ندكراوی تورك كه ده‌كاته ٩.٥٪ كۆی له‌سێداره‌دراوان، پێنج به‌ندكراوی به‌لوچ كه ده‌كاته ٦٪ی كۆی حاڵه‌ته‌كان له به‌ندیخانه‌كانی ئێران‌دا جێبه‌جێكراون، هه‌روه‌ها دوو هاوڵاتی ئه‌فغانستانیش له به‌ندیخانه‌كانی ئێران له سێداره دراون.
له‌و ماوه‌یه‌دا سزای له سێداره‌ی حه‌وت به‌ندكراوی سیاسی و ئایینی جێبه‌جێكراوه كه شه‌ش كه‌سیان سیاسی و كه‌سێكیشیان ئایینی بووه، هه‌روه‌ها سزای له سێداره‌ی ژنێكیش له به‌ندیخانه‌ی سه‌بزه‌واری پارێزگای خوراسانی ڕه‌زه‌وی جێبه‌جێكراوه.