حزبی شیوعی کوردستان: داواکارین چیتر بەپاساوی مەترسی پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت

دوای ئەوەی ئەمڕۆ حزبی شیوعی کوردستان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەولێر گردبوونە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیان خستەڕوو کە" بەداخەوە و دوبارە بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەت داوایانکرد خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام هاورێیانمان سوور بوون لەسەر چالاکییەکەیان".

لە راگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە" لەبەیانی ئەمرۆ ٥ی شوباتەوە، هێزێکی زۆری چەکدار لەدەوروبەری بارەگای مەڵبەندو لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران  مۆڵدرابوو بەمەبەستی ڕێگریکردن وئەنجامنەدانی چالاکییەکە ،و رێگریانکرد لە بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکە بۆ شوێنی مەبەست".

هەروەها رایانگەیاندووە" داواکارین چیتر بەپاساوی مەترسی پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت، وهەرچی زووترە کار بۆ چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیان لە ژیان ومووچەو خزمەتگوزاری یەکان بکرێت و دوانەخرێت''.

دەقی راگەیەندنەکەی حزبی شیوعی کوردستان: 

فراوانکردنی ئازادی سیاسی وباشکردنی ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیان زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمە
-------------------------------
 جەماوەری خۆراگری کوردستان.

   بۆداکۆکیکردن لە نانی هەژاران و کۆی مووچەی مامۆستایان وکارمەندان وخانەنشینان و بەتایبەت موچەی دواکەوتووی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو ، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مەڵبەندی هەولێری حزبمان بۆئەنجامدانی ڕێپێوانێکی مەدەنیانە بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران،و پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەک، لەسەرەتای شوباتدا داخوازی مۆڵەتیان خستە بەردەم دەزگا بەرپرسەکانی هەولێر، ئەوان داوایان کرد لەبەر یادکردنەوەی شەهیدانی ١ی شوبات دوابخرێت، مەڵبەندی هەولێریش بۆ رێزگرتنی یادی ئەو شەهیدانە داواکەیان پەسەندکردو دواتر،بانگەواز کرا بۆ رۆژی ٥ی شوباتی٢٠٢٤.

بەداخەوە و دوبارە بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەت داوایانکرد خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام هاورێیانمان سوور بوون لەسەر چالاکییەکەیان.
    بەڵام لەبەیانی ئەمرۆ ٥ی شوباتەوە، هێزێکی زۆری چەکدار لەدەوروبەری بارەگای مەڵبەندو لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران  مۆڵدرابوو بەمەبەستی ڕێگریکردن وئەنجامنەدانی چالاکییەکە ،و رێگریانکرد لە بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکە بۆ شوێنی مەبەست .
   لەبەر ئەوە رێکخەرانی ئەرکەکە بڕیاریاندا لەبەردەم بارەگای مەڵبەند گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن. وبەخوێندنەوەی پەیامی خۆپیشاندەران و ووتنەوەی دروشمەکانی داکۆکی لەماف و ئازادییەکان ، ئەو ڕاستیانەیان بەگوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، کە بە رێگری لە ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکان و بڕینی نانی هاووڵاتیان، ناتوانن درێژە بەدەسەڵات بدەن و دواجاریش قەوارەی هەرێم کەلەبەردەم هێرش و پەلاماری درۆن و موشەک وبەزاندنی سنورەکانیدایە،دەکەوێتە بەر مەترسی زیاتر و بوار بۆ نەیاران فراوانتر دەبێت.

هاورێیان بەڵێنی بەردەوامی چالاکییەکانیان بە هاوڵاتیان دەدەن تابەدیهێنانی تەواوی ماف و ئازادییەکان.

ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەمکارەی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، داواکارین چیتر بەپاساوی مەترسی پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت، وهەرچی زووترە کار بۆ چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیان لە ژیان ومووچەو خزمەتگوزاری یەکان بکرێت و دوانەخرێت.

ئارامی نێوخۆیی،ئازادی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم و کەمکردنەوەی درزە نێوخۆییەکانە بۆ رێگریکردن لەبەردەم پیلانی نەیارانی هەرێمدا.

 مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان.
   ٥ی شوباتی ٢٠٢٤



PM:06:48:05/02/2024