"هەرێم بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت"

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی شووباتی ٢٠٢٤ بەبۆنەی (٣٠) هەمین ساڵیادی دامەزرانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەرێم بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت". 

یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت، پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو لەکارخراوە، حکومەتیش ھەر ماوەبەسەرچووە، بەوەش شەرعیەتی دەسەڵات لە ژێر پرسیاردایە و تائێستاش وادەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان دیارنییە". 

دەشڵێت" لە ئەنجامی ئیدارەدان و بەرێوەبردنێکی نادروست، کەڵەکەبوونی کێشەکان و خەمساردی لە چارەسەرکردنیان، چەندین قەیرانی دارایی و بنبەستی سیاسی و شڵەژانی ئەمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی سەریھەڵداوە، بەھۆی زۆری باج و خەراج خەڵک لە رەوشێکی ئابوری سەخت و دژواردا دەژین". 

یەکگرتووی ئیسلامی ڕاشیگەیاندووە" دابەشنەکردنی سێ موچەی ساڵی رابردوو، ھۆکاری سەرەکی بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، بەبێ ئەوەی داوا رەوا و یاساییەکانیان بۆ جێبەجێبکەن، بەوەش باری سەرشانی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەندەی تر قورسبووە، ئەگەر بە خێرایی رێگە چارە نەبێت و ھەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەوا رەوشەکە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت". 

داواشدەکات، دەسەڵات و بڕیار بەدەستانی ھەرێم بەوپەڕی جددی و بەرپرسیارانەوە مامەڵەی ئەو رەوشە بکەن.


PM:12:01:06/02/2024