لە ئێران (شۆڕش ئەبوبەکری) ئازادکرا

شۆڕش ئەبوبەکری ناسراو بە (شۆڕەسوار) هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا، بەشێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازادکرا. 

میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە" شۆڕش ئەبوبەکری هونەرمەندی لاوی خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ئەوەی مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا بوو، دوێنێ پێنج شەممە بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە". 
 
ڕۆژی ٩ی مانگی ڕابردوو شۆڕش ئەبوبەکری بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و تێکدانی رای گشتی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ هیچ نوسراوێکی یاسایی دەستگیرکرا. 

شۆڕش ئەبوبەکری ناسراو بە (شۆڕەسوار) ساڵی (١٩٧٩) لە شاری سەدەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمی زانستەکانی ئینسانییە، ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم گۆرانی بە ناوی (بەهەشتی ئارەزوو) لەگەڵ شەهباز شاهین‌ پوور تۆمارکردووە، لە (٢٠٠٢) فێرگەیەکی موسیقای بە ناوی (ماهور) لە سەردەشت دامەزراند، هەروەها لە پاییزی ساڵی (٢٠٠٩)دا لە سەرڕاوە فێرگەیەکی دیکەی هونەری بە ناوی (ئاوای کورد) دامەزراندووە. 


PM:01:04:09/02/2024