شاندێكی حكومەتی هەرێم گەیشتەوە بەغدا

بۆ جاری سێیەم لەمساڵدا شاندێكی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پرسی نەوت و مووچە و بودجەی هەرێم.

شاندەكەی حكومەتی هەرێم پێكهاتوون لە تیمی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی دارایی.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە هۆكاری سەردانەكە وتوویەتی" لەگەڵ شاندی عێراق تیمی هاوبەش دروست دەكەن بۆ یەکخستنی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی".

بڕیارە شاندەكەی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێک لە بەغدا بمێننەوە، بۆ بەشداری لە چەندین خولی هاوبەش، لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە سێیەمین جارە، كە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەری پرسی بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا.


PM:03:33:11/02/2024