لەبارەی خەرجکردنی پارەی سەبەتەی خۆراکەوە روونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتى بازرگانى هەرێم لەبارەى خەرجکردنی پارەی سەبەتەی خۆراکەوە دەڵێت" به‌پێی رێككه‌وتنێك پاره‌ی به‌شه‌ خۆراك ده‌درێته‌وه‌ بە وەزارەتی بازرگانی عێراق". 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند" لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمان و چەند پەیج و ئەکاونتێکەوە هەواڵێک بۆ بە لاڕێدا بردنی رای گشتی بڵاوکراوەتەوە، گوایە پارەی سەبەتەی خۆراک دەخورێت".

ڕاشیگەیاندووە" وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێم، لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق".

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژە بەوەشکراوە، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵ. 

ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیەوە بۆ ڕای گشتی:

 لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك {بایعی} دەخورێت.

بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:

یەكەم : بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێکەوتی { ٢٠٢٢/١٠/٢٣ } ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا كە لەو ڕێكەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە {داهاتی سەبەتەی خۆراك} درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بە پێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە :-

 • بڕی یەك ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

 • بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك{بایعی} لە هەرێمی كورستان كە {٣٧١} فەرمانبەرن بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە {٢٤١} فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە{سایلۆكان} كە {٣٥٦} فەرمانبەرن بڕی نەود و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە{ئاشەكان} كە {١٩٦} فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی  لە هەرێمی كورستان كە {٣١٠} فەرمانبەرن بڕی حەفتاو حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بازرگانی   كە {٨٥} فەرمانبەرن بڕی بیست و سێ ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو پێنج هەزار دینار وەردەگرن. 

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچون كە {٨٥} فەرمانبەرن بڕی دوانزە ملیۆن و شەست و دوو هەزار دینار وەردەگرن. 

 • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دیوان كە {١٦٥} فەرمانبەرن بڕی سی و دوو ملیۆن و دوسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

 • پاداشتی نوسینگەی جەنابی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتیەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار وەردەگرن.

 • تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا. . كە تا ئێستا ١٠ سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنها هەشت بەش دابەشكراوە.

سێهەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان لیژنەیەكی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنوس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست ڕای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.


PM:07:21:11/02/2024