پەرلەمانتاری پارتی: دادگای فیدراڵی بەمەبەست پرسی هەڵبژاردنی کوردستان دوادەخات

پەرلەمانتارێکی پارتی باسی دواخستنی هەڵبژاردنی کوردستان لە لایەن داداگای فیدراڵییەوە دەکات و هۆشداری دەدات و دەڵێت" بەمەبەست پرسی هەڵبژاردن دوادەخات، تا نیشانەی پرسیار لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، هەر شتێک ببێتە هۆکار بۆ لاوازکردنی هەرێمی كوردستان ئەمانە پەنای بۆ دەبەن، ئەو بیرە شۆڤێنییە و دژایەتییکردنە".

شوان محەمەد، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" ‎دادگای فیدراڵی دەزانێ مانگی حەوتی ئەمساڵ ماوەی کۆمیسیۆنی عێراق بەسەر دەچێت، بۆیە بەمەبەست پرسی هەڵبژاردن دوادەخات، تا نیشانەی پرسیار لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، هەر شتێک ببێتە هۆکار بۆ لاوازکردنی هەرێمی كوردستان ئەمانە پەنای بۆ دەبەن، ئەو بیرە شۆڤێنییە و دژایەتییکردنە، نەک بیری پێکەوەژیان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمێکی سەربەخۆ".

شوان محەمەد دەڵێت" پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان سەرۆکایەتیی حکوومەت بەیاننامە دەربکەن، بە دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی دادوەری عێراق و فایەق زێدان بڵێن، ئەم دواخستنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کێشە دروست دەکات، ئەمە ئەجێندای لەپشتەوەیە و بەرپرسیارێتییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە و نیەتەکەتان باش نییە، پێمان بڵێن بۆ دوای دەخەن؟".

ئەو پەڕلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند" ئەگەر دادگای فیدراڵی بیەوێ ئێستا تا سبەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام بەڕاستیی دواخستنی زۆر بێمانایە، لەگەڵ درۆنگرتنە فڕۆکەخانەی هەولێر، بڕینی مووچە و بودجەی کوردستان، پەشیمان بوونەوە لە رێککەوتنەکان و هەمووی یەک پاکێجە بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان تا رادەستیان ببێت، بەڵام ئەمانە پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و دیارە کورد ناناسن، کورد رادەستی سەدام نەبوو، ئێستا دەیانەوێ بە دادگای فیدراڵی ئەم یارییانەمان لەگەڵ بکەن؟".



AM:09:47:12/02/2024