لە ئێران وەزرشوانێکی کورد بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرا

چالاکوانێکی مەدەنی و بەرپرسی پێشووی لیژنەی تۆپی پێی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا شێرکۆ حیجازی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری حکوومەت" سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە، هەروەها لە ماوەی دەستگیرکردنیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە. 


PM:06:48:12/02/2024