مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن" سبەینێ چوارشەممە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دەست بە خۆپیشاندان دەکەینەوە".
مامۆستایانی ناڕازی پارێزگای هەڵەبجە و هەرسێ قەزای شارەزوور، سەیدسادق و پێنجوێن، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" وەک نوێنەری سەرپەرشتیارانی ناڕەزایەتییەکان، بەوپێیەی لە یەک سنووری جوگرافیداین و لە یەک ئاڕاستەی دیاریکراوی حکومی و حیزبییەوە، فشارەکان شۆڕدەبنەوە بۆ خوار، شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ و تایبەتمان ئەنجامدا".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مامۆستایان لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکیان داوە کە بریتین لە:
ـ هەماهەنگی لەنێوانماندا زیاتر بکەین و تا کۆتایی پشتی یەک بەرنادەین. پێکەوە بەرەنگاری هەر بەربەستێک دەبینەوە؛ هاوکات ئەم هەماهەنگییە لەنێوان شارەکانی دیکەش، زیاتر و پتەوتر ئەکەین.
ـ پێکەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤ بەرفراوانترین خۆپیشاندان وەک شارەکانی تر، ئەنجامدەدەین.
ـ لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی دەسەڵات بەزوویی ڕێکاری تووند و کاریگەر دەگرینەبەر؛ بۆ ئەم مەبەستەش کەسی یەکەمی حکومیی ئەم زۆنە دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی هەر ئەگەرێک کە لە پێشمانە.
ـ درێژە بە بایکۆت ئەدەین و میکانیزمی نوێ جێبەجێ دەکەین، بۆ ئەوانەشی گەڕاونەتەوە بۆ دەوام لە شار و شارۆچکەکانی تر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا مامۆستایانی ناڕازی دڵنیایی دەدەن بە مامۆستایان و دەڵێن" بابەتی سزاکان تەنها بۆ فشارە و لە سەرچاوەی باڵای دەسەڵاتەوە، زانیاری وردمان پێگەشتووە، کە تەواوی سزاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە".