بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ خوێندکارانی نارازی قۆناغی (٩ و ١٢) لە سەیدسادق و چەمچەماڵ، دەستیان بە گردبوونەوە و نارەزایەتییەکانیان کردەوە.
بەیانی ئەمڕۆ بۆجارێکی دیکە خوێندکارانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی لە سەیدسادق و چەمچەماڵ گردبوونەوە و داوا دەکەن بۆ داخڵبونیان بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی، مەرجی کەوتن لە سێ وانە بکەن بە چوار وانە.
هەر لە گردبوونەوەکەدا خوێندکارانی نارازی داوای کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن دەکەن و دەڵێن" لە پەروەردەکانی دیکە خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەی لە سەرەتای دەستپێکی دەوامەوە دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە".
ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی، بەهۆی دواکەوتنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و لە چەندین ناوچەش تا ئێستا دەست بە پرۆسەی خوێندن نەکراوەتەوە.