پەروەردەی سلێمانی: غیابدانی مامۆستایان بە سزا بۆیان هەژمار ناکرێت

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە نزیکەی هەزار و ٢٠٨ ناوەندی خوێندن دەستیان بە دەوامکردن کردۆتەوە و دەشڵێت" غیابدانی مامۆستایان بە سزا بۆیان هەژمار ناکرێت".

نەژاد عەبدوڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی هەزار و ٣٠٧ ناوەندی خوێندن، هەزار و ٢٠٨یان دەوامیان تێدا دەکرێت و پڕۆسەی خوێندن بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات".

دەشڵێت" زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بە دەوام کردۆتەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە".

ئاشكراشی كردووە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بە نەهاتوو تۆمارکرابوون زیاتر لە ٢هەزار و ٥٠٠ مامۆستا بوون، لە ئێستادا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، نەهاتنی ئەو مامۆستایانەش بە سزا هەژمار ناکرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان دژی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پلەبەرزكردنەوە و داواكردنی دامەزراندنی وانەبێژان بەردەوامە و هێشتا بەشێكی خوێندنگەكان لە بایكۆت بەردەوامن و هیچ داواكارییەكی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ‌ نەكراوە.


PM:06:44:13/02/2024