هەولێر.. پێنج کەس بە تۆمەتی فێڵ و دزیکردن لە خەڵک دەستگیردەکرێن

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج کەسی راگەیاند کە بانگەشەی فرۆشتنی کەلوپەلیان بە ئۆنلاین کردوە و دواتر کڕیارەکانیان بانگهێشتی شوێنێکی چۆڵکردوە و هێرشیان کردووەتە سەری و پارە و مۆبایلیان لێدزیوە.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە'' دوای ئەنجامدانی چاودێری و بەدواداچوون، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی ماددەی (٤٥٢) لەیاسای سزادانی عێراقی پێنج تۆمەتبار بەناوەکانی (م،أ ،گ) و (أ ،ح،ن) و (ع،ن، ص) و (أ،ع،م) و (ه،ع،ع) بەتۆمەتی ڕێگری و فڕوفێڵ و دزی کردن، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران''.

ئاسایش دەشڵێت" ئەم تۆمەتبارانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی فرۆشتنی چەند جۆرە کاڵایەکیان کردووە بەڕێگای ڕاستەوخۆ(ئۆنڵاین)، دوای ئەوەی لەگەڵ کڕیارەکە ڕێکەوتون ،ناونیشانی شوێنێکیان داوەتە کڕیارەکە کە ئەو شوێنە چۆڵەوانی و دووربووە لە کامێراکانی چاودێری".

ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەکاتی گەشتنی کڕیارەکە بۆ شوێنەکە لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە ڕێگریان لێکراوە و هێرشکراوەتە سەریان و ئازار دراون و پارەو مۆبایلەکانیان لێ سەنراوە و دواتر هەڵاتوون.


PM:10:42:13/02/2024