پەرلەمانتارێکی عەرەب هۆکاری ڕاگرتنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران داوای زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکانی عێراق دەکات و دەڵێت" جگە لە هەڵەبجە، پێویستە ژمارەیەک قەزای پێنج پارێزگای دیکەش بکرێنە پارێزگا".

جەواد یەساری، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند" لیژنەکەمان گفتوگۆ لە سەر کۆمەڵێک یاسا دەکات، لە پێش هەمووشیانەوە یاسای پارێزگای هەڵەبجە کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام یاساکە بە هۆی دیاریکردنی سنووری کارگێڕی لەنێوان پارێزگاکاندا ڕاگیراوە".

یەساری هیوای خواست چەند پارێزگایەکی نوێ دروست بکرێت لە پێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی پارێزگا گەورەکان و ئەوەشی خستەوو کە ژمارەیەک قەزای سەڵاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، واست و ناسڕیە لەبارن بۆ ئەوەی بکرێنە پارێزگا.

داواشی کرد ژمارەیەک ناحیە بکرێنە قەزا و هەر گوندێکیش ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ٣٠ هەزار کەس زیاتر بێت بکرێتە ناحیە و وتیشی" چەندین ناحیە هەیە ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیستووەتە ٢٠٠ هەزار کەس، بەلام هێشتا هەر وەکو خۆی ماوەتەوە".


PM:12:04:15/02/2024