ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن

یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، بۆ دەربڕینی خۆشی بەبۆنەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)، کاتژمێر٤ی ئێوارە، ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن.

دڵشاد میرانی یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند" مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریان داوە ئەمڕۆ ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەریی بگێڕن، لەپای سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی خۆشی بەبۆنەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، سلێمانی ئامێز بۆ هەموو شارەکان دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سەرکەوتنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، گێڕانەوەی مافی مووچەخۆرانە کە بەهۆی ئابوری سەربەخۆوە توشی زیانێکی گەورە بوون و ٣٨ مووچەی مووچەخۆران کەوتە لای حکومەت.

باسی لەوەشکرد، ١٤ جار سەردانی بەغدادیان کردووە و چەندین سکاڵایان تۆمارکرد، تا مافی مووچەخۆران لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زەوت نەکرێت، تا ئێستا ٨٣ خۆپیشاندان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، سنووری ڕاپەڕین و چەند شوێنێکی دیکە کران، بڕیارەکەی دادگاش بە هەوڵی خۆمان دەزانین.

جەختی لەوەشکردەوە، چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێتە بەرداشی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ مووچەکانیان وەردەگرن.

دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاری دا " دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاریی یاسایە و پێچەوانەی ماددەی ٣٠ی دەستووری عێراقە، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بڕیاری جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانکەکان جێگیر بکات و هەردوو حکومەتەکە دەبێت خەرجی پرسی هەناردەی نەوت و موچەخۆران بگرنە ئەستۆ بەبێ هیچ قەرزێک و داهاتی نەوتیش بگەڕێتەوە بۆ بەغدا".



AM:09:17:22/02/2024