"خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان بە تەواوی بە دینەهاتوون"

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن" خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بە تەواوی بە دینەهاتوون"، دەشڵێن" بە وردی  چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین". 

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" ئاگادارن لە پاش (١٥٥) رۆژ لە پشوودرێژی و کۆڵنەدان، هەر لە ڕاگەیاندنی بایکۆتەوە بگرە تا ئەنجامدانی دەیان خۆپیشاندانی پڕجۆشوخرۆش لە (١٣) شار و شارۆچکە، هەروەها سەردانی وەفدی جۆراوجۆر بەرەو بەغداد، لەگەڵ تۆمارکردن و ناردنی سکاڵا بۆ دادگای پەیوەندیدار لە بەغدادی پایتەخت و پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانتار و رێکخراو و سەندیکا و کەسایەتییە جیهانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتن و دروستکردنی لینک لەگەڵ یو ئێن و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم، وا وردە وردە بەری ڕەنج و خۆڕاگرییەکەمان دەچنینەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" گرنگیشە بزانین کە خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بە تەواوی بە دینەهاتوون، بۆیە لێرەدا ناوەستین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، هاوکات بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەین، هەر لایەنێک کەمتەرخەم بێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت بەرامبەری". 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێن" لە کۆتاییشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی و پیرۆزبای لە هەموولایەک بکەین، چ ئەوانەی کە شەونخونییان کرد بۆ ئەم خەباتە و ئەوانەی سزادران و چ ئەوانەی ڕووبەڕووی جۆرەها فشار و هەڕەشەی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان بوونەوە تا دەگات بەو دڵسۆزانەی لە ژێرەوە و وەک سەربازی ون پاڵپشتی گەورەی ئەم خەباتە مەدەنییەمان بوون، تەنانەت ئەوانەشی بە پۆستێک یان کۆمێنتێک پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوین، یان لە دڵەوە نزایەکی سەرکەوتن و سەلامەتییان بۆ کردووین". 


PM:06:46:22/02/2024