دادگای فیدراڵی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەینێ یەک شەممە ٢٤ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم کۆببێتەوە.

بەپێی بڵاوبوونەوەی کارنامەیەی دادگای باڵای فیدراڵی، سبەینێ دادگاکە لەسەر سکاڵایەکی نۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆدەبێتەوەو دانیشتنەکە تایبەتە بە راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، بەتایبەت ماددەکانی شەش، حەوت و ھەشت و نۆ.

 دادگای فیدراڵی رۆژی ٢١ ی شوبات لە کۆبونەوەیەکدا، دوو بڕیاری لەبارەی هەرێمەوە دەرکرد کە یەکێکیان تایبەت بوو بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە تیایدا مووچە بە " نیشتمانی " کرا، هەروەها چیتر مووچەخۆرانی هەرێم وەک ناوچەکانی تری عێراق مووچە وەردەگرن. لە بارەی هەڵبژاردنیشەوە بڕیارێکی تر دەرچوو؛ کە دەبێت هەرێم بکرێت بە فرە بازنەو لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، هەروەها کۆتاکان تێکڕایان نە هێڵران.


PM:11:38:24/02/2024