مالیکی‌ دڵنیایی بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدات

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دڵنیایی بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدات و ده‌ڵێت" ناکرێت فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ مووچە بن". 
 
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دوای بەشداریکردن لە پرسەی زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، لە لێدوانێکدا بە (ڕووداوی) ڕاگەیاندووە" مووچەی مووچەخۆران بە بڕیارێک نادرێت و بە بڕیارێکی دیکە ببڕدرێت، ئەمە مافێکی رەوایە، هەرێمی کوردستان مافی خۆی لە یاسای بودجەدا هەیە، لە نێویاندا مووچەی فەرمانبەران". 
 
وتیشی" ئەگەر گرفتێک لە ناردنی مووچە روویدا، پێویستە جێگرەوە هەبێت و ناکرێت مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ مووچە بن، پەیاممان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئاسوودەبن و حکومەتی ناوەند مووچەکانیان دەدات". 

ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراقدا، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بڕیاریدا و تێیدا داوایکرد کە حکومەتی عێراق مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات و وەکو قەرز مامەڵەی لەگەڵ نەکات. 

هەر لە بڕیارەکەیدا داواشی لە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کرد کێشەکانیان کۆتایی پێبهێنن و بگەنە چارەسەر "تا لەوە زیاتر موچەخۆرانی هەرێم باجی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو حکومەتە نەدەن". 


PM:08:01:25/02/2024