گروپی نوجەبای عێراقی هەڕەشە دەکات و دەڵێت: گەردەلوولێک بەڕێوەیە

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمینداری گشتی ( بزووتنەوەی نوجەبا) ی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەستاندنی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دژی پێگەکانی ئەمریکا "تاکتیکێکی کاتی" ـیە و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "گەردەلوولێک بەڕێوەیە".

لەم بەیاننامەیەدا کە نووسینگەی ( نوجەبا) لە تاران بە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێرانی داوە، باس لەوە کراوە کە "کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە ڕێگەی دیالۆگەوە وەهمێکە و ئەمەریکا تەنیا بە هێز دەڕوا".

ئەم گرووپە کە ئەندامی (مقاومەی ئیسلامی عێراق)ـە، لەسەر ئەم بنەمایە ڕایگەیاندووە" کە ڕاگرتنی هێرشەکان تاکتیکێکی کاتی بووە بۆ وەرگرتنەوەی پێگە و پێکهێنانی هێزەکان"، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئەمە ئارامیی پێش زریانەکەیە."

پاش ئەوەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر بنکەی ئەمریکا لە ئوردن و سێ سەربازی ئەمریکییان کوشت، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، سێنتکۆم، ڕایگەیاند" کە هێزەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و  گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا کردووەتە ئامانج".

سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە کە ناوەندە ئامانجدارەکان خاڵێک بوون کە ئاسانکارییان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە.

دوای ئەم هێرشانە بوو کە ئەو گرووپانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکرا، لەوانەش مقاومەی ئیسلامی عێراق، چالاکییەکانیان لەدژی بنکە و پێگە ئەمریکییەکان ڕاگرت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە" ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم لەگەڵ نوێنەری چەند گروپێکی چەکدار لە فڕۆکەخانەی بەغدا کۆبووەتەوە، ئەمەش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای ئەوەی کە واشنتۆن ئەو گروپانەی تۆمەتبارکرد بە کوشتنی سێ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر ٢٢ لە ئوردن''.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، قائانی بە گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانی ڕاگەیاندووە" کە بە ڕشتنی خوێنی ئەمریکا، مەترسی بەرپەرچدانەوەی قورسی ئەمریکا هەیە، لەوانە هێرشکردنە سەر فەرماندە باڵاکانیان، لەناوبردنی ژێرخانی سەرەکی یان تەنانەت تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆ لە ئێران".

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە" جگە لە گروپێک، هەموویان دەستبەجێ ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر داواکەی قائانی و ڕۆژی دواتر کەتایب حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ڕادەگرێت، بەڵام  گروپێکی دیکەی سەر بە ئێران بەناوی نوجەبا وتویەتی، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان، بەو پێیەی هێزەکانی ئەمریکا تەنها بە هێز دەڕۆن".

گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین هێرشیان لەدژی پێگە و بنکەی ئەمەریکا لە ناوچەکە ئەنجام داوە، بەڵام دوای هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، توندی و فراوانی ئەو هێرشانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە .



PM:04:58:26/02/2024