ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ هونەرمەندی دیاری عێراقی مەکی عەواد، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی (٧٠) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ سەندیکای هونەرمەندانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند مەکی عەوادی لە بەغدای پایتەخت ڕاگەیاند کە بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە گیانی لەدەستدا.
مەکی عەواد ئەکتەرێکی کۆمیدی دیاری عێراقییە، لە ساڵی (١٩٥٤) لە بەغدای پایتەختی عێراق لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمی هونەرە جوانەکانە، هەروەها بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕاگەیاندن هەیە و خاوەنی چەندین فیلم و شانۆگەرییە کە لە (٤٢) فیلمی سینەمایی و زیاتر لە (٦٠) زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و (٧٢) شانۆنامەی گشتی لە عێراق و دەرەوەی وڵات و فێستیڤاڵی دەریای ناوەڕاست لە ئیتاڵیا و (١٠٠) زنجیرەی ڕادیۆیی ڕۆڵی گێڕاوە.
مەکی عەواد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی منداڵان لە ئیتاڵیا، بە ئامادەبوونی دەستەی دادوەری لە چوار وڵاتی (ئەمریکا، سوید، تونس و میسر)، خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، هەروەها خەڵاتی یەکەمی لە فێستیڤاڵی دەریای ناوەڕاست بە بەشداری (٥٧) وڵات بۆ شانۆنامەیەک و خەڵاتی فێستیڤاڵی قاهیرەی بەدەستهێناوە وەک باشترین ئەکتەر بۆ ڕۆڵی لە زنجیرەی (سیت واحیبا).