ڕیال مەدرید ڕەزامەندی دەربڕیوە کە مباپێی “دووەم” بگوازێتەوە

بەرنامەی چیرینگیتۆ ئاشکرای کرد کە دانوستانەکانی ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ کیلیان مباپێ ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرتووە.

 بەپێی دوایین هەواڵەکان گواستنەوەی کیلیان مباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ یانەی ڕیال مەدرید پرسی کاتییە.

 گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی وەرزی ئێستادا کۆتایی دێت، یاریزانەکەش ئازادە لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەر یانەیەکی تر.

 بەگوێرەی پشتڕاستکردنەوەکان، مباپێ پاریس سانجێرمانی ئاگادارکردۆتەوە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا  یانەکە جێدەهێڵێت، هاوکات بە هەموو مەرجەکانی گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ ڕیال مەدرید ڕازی بووە.

 بەرنامەی چیرینگیتۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەی ڕیال مەدریدیش ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ ئیتان مباپێ، برا بچووکەکەی کیلیان مباپێ، کە هاوکات لەگەڵ پاریس سانجێرمانیش یاری دەکات.

 بەپێی بەرنامەکە، گرێبەستەکە لە هاوینی داهاتوودا ڕوودەدات، هەروەها لەسەر داوای خێزانی یاریزانەکە.

 ئیتان مباپێ لە هاوینی ڕابردووەوە لەگەڵ تیپی یەکەمی پاریس سانجێرمان بووە، هاوکات لەگەڵ تیپی یەکەمی یانە فەرەنسییەکە لەم وەرزەدا چەند خولەکێکیش بەشداری کردووە.



 


PM:02:07:27/02/2024