لە تورکیا لەماوەی یەک رۆژدا ٧ ژن دەکوژرێن

لەماوەی یەک رۆژدا ٧ ژن لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا لەلایەن هاوسەرەکانی پێشوو یان ئێستایان کوژراون، تەمەنی ژنەکان لە نێوان ٣٢ بۆ ٤٩ ساڵ بووە.

کەناڵی ( خەبەر تورک) رۆژی سێشەممە ٢٧ی شوبات بڵاویکردووەتەوە" لە ماوەی یەک رۆژدا لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا ٧ ژن لە لایەن هاوسەرەکانی پێشوو یان ئێستایان لە شارەکانی ئیزمیر، بورسا، سەقاریە، ئەرزروم، دەنیزلی و ئەستەنبوڵ بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە  ئەو ژنانە تەمەنیان لە نێوان ٣٢ بۆ ٤٩ ساڵدا بووە، و بە تەقە یان بە چەقۆ کوژراون.
 
لە راپۆرتەکەی ئەو میدیادا هاتووە کە" لانیکەم سێ کەس لە بکوژەکان خۆیان کوشتووە و دوو کەسیش دەستگیرکراون و کەسێکیش کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بریندار بووە گیانی لەدەستداوە و حەوتەمین کەسیش لە زیندان هەڵاتووە و چارەنووسی نادیارە".

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێکخراوێکی ناحکومی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە ژێر ناوی (ئێمە ژنکوژی ڕادەگرین) رایگەیاند"  لەو ساڵەدا ٣١٥ کوشتنی ژنانی لە تورکیا تۆمارکردووە کە ٦٥%ی کوژراوەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە لەو ساڵەدا ٢٤٨ مردنی گوماناویی دیکەی ژنان لەو وڵاتە تۆمارکراون کە دەسەڵاتداران بە "خۆکوشتن" وەسفیان کردووە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ لە کۆنوانسیۆنی ئەنجوومەنی ئەوروپا کشایەوە کە تایبەتە بە پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی کە بە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ ناسراوە. لە کۆنوانسیۆنەکەدا داوا لە دەسەڵاتداران دەکرێت لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان سزا بدرێن.




PM:10:53:28/02/2024