هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد.. "هەر کاغەزێکی دەنگدان مووشەکێکەو ئاراستەی دڵی دوژمن دەکرێت"


ئەڕۆ هەینی ١ی ئازار هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد، ٦١ ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی مافی دەنگدانی لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران مەترسی کەمی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن، فەرماندەی سوپای پاسداران حوسێن سەلامی، دەڵێت" هەر کاغەزێکی دەنگدان وەک مووشەکێکە ئاراستەی دڵی دوژمنان دەکرێت". ئەوە لە کاتێکدایە ئۆپۆزسیۆنی کورد و ئێرانی داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

زیاتر لە ٦١ میلیۆن ئێرانی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا و مەجلیسی کارناسان ( خوبرا) کە بەرپرسن لە دانانی سیاسەتی گشتی و دانانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی.

فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەپێی نەریت، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی، لە کاتژمێر ٨:٠٠ بە کاتی کاتی ئێران دەنگ دەدات و داواشی لە خەڵک کرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

خامەنەئی لە بەیاننامەیەکی کورتدا داوای لە ئێرانییەکان کرد "بە زووترین کات دەنگ بدەن"، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە داوای لە خەڵکی ئێران کرد بەشداریکردنی بەرفراوان بکەن و، هۆشداریشیدا "ئەگەر هەڵبژاردن لاواز بێت، هیچ کەس سوودمەند نابێت و هەمووان زیانمان پێدەگات".

دوایین ڕاپرسیی کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ٤١% ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەکەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانی ساڵی ٢٠٢٠ لە دوای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە کەمترین ڕێژەی بەشداربووان بەخۆیەوە بینی، بە پێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە ٤٢% ی دەنگدەران بەشداریان کرد، ئەو دەمە ئێران و جیهان لە سەرەتای قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩ دا بوو.

لەلای دەسەڵاتدارانی ئێران وەک فرانس پرێس ئاماژەی بۆ دەکات، پرسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی دەسەڵات وەک بەڵگەی شەرعیەتدان بە خۆی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە ژێر ڕۆشنایی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا دەیخەنە ڕوو.

خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە وێڕای پێشوازی کردن لە تاران کۆمەڵێک گەنج کە بۆ یەکەمجار دەتوانن دەنگ بدەن، وتی: "دوژمنانی ئێران لە نزیکەوە چاودێری بوونی ئێران دەکەن”، دەشڵێت، "ئەگەر دوژمن لاوازی لە ئێرانییەکاندا ببینێت، ئەوەش دەبێت بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵات”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئەمریکا، سیاسەتی زۆربەی ئەوروپییەکان، سیاسەتی زایۆنیستە بەدخوازەکان، سەرمایەدارەکان و خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کە بە پاڵنەر و هۆکاری جۆراوجۆر پەیڕەوی لە پرسەکانی ئێران پەیڕەو دەکەن، ئەوان زۆرترین ترسیان هەیە لە ئامادەبوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و لە دەسەڵاتی جەماوەری ئێران”.

لای خۆیەوە سپای پاسدارانی ئێران پێی وابوو کە "بەشداری بەهێز" ڕێگری دەکات لە ئەگەری "دەستێوەردانی دەرەکی" لە چوارچێوەی شەڕی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، بەپێی ئەوەی ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، "هەموو کاغەزێکی دەنگدان”ی بە "مووشەکێک کە ئاراستەی دڵی دوژمنانمان کراوە”  دەشووبهێنێت.

واشنتۆن ڕۆژی پێنجشەممە ڕەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران گرت، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند" هیچ چاوەڕوانییەکمان نییە کە هەڵبژاردنی ئێران ئازاد و دادپەروەرانە بێت و گومانمان هەیە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران چاوەڕێی ئەوە بکەن هەڵبژاردن ئازاد و دادپەروەرانە دەبێت".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لە ئێستادا هەزاران کاندید لە پرۆسەیەکی ناشەفافدا بێبەش کراون و جیهان لە مێژە دەزانێت کە سیستەمی سیاسی ئێران بە سیستمی ئیداری، دادوەری و هەڵبژاردنی نادیموکراتیک و ناشەفافە".

چاودێران پێیانوایە ئەو هەڵبژاردنە کە ژمارەیەکی پێوانەیی ١٥ هەزار و ٢٠٠ کاندید تێیدا بەشدارن، پێشبینی ناکرێت هاوسەنگییەکانی ناو ئەنجومەنی شورا بگۆڕێت.

فرانس پرێس باس لەوە دەکات؛ دەنگدانەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی باڵادەستی بەرفراوانی کۆنەپەرستان لە ئەنجومەنەکەدا، کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٣٠ کورسییان لە کۆی ٢٩٠ کورسی بەدەستهێناوە.

لە نەبوونی کێبڕکێی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕیفۆرمخوازان و میانڕەوەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەکە لە کۆنەپارێزەکاندا  هێڵی تونددا سنووردارەو پارسەنگی هێز بەلای ئەواندایە.

سەرجەم لایەنە کوردیەکان و ئۆپزسیۆنی ئێرانی کە سەرکردەکانیان لە دەرەوەی ئێران داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
جگە لەوەش کۆنەپەرستان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ئەنجومەنی خوبەرا بەهێزتر دەکەن کە دەستەیەکە پێکهاتووە لە ٨٨ پیاوی ئایینی کە بە مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆی گشتگیر بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن، کە ئەوانیش ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدەبژێرن و سەرپەرشتی کارەکان دەکات و هەر ئەم ئەنجومنەش دەسەڵاتی لادانی رابەری دەبێت.( هەموو ئاماژەکان جەخت لەمانەوەی عەلی خامەنەئی دەکەن).

لەم هەڵبژاردنانەدا ١٤٤ کاندید کە هەموویان پیاون، کێبڕکێ دەکەن، بەڵام کەسایەتییە دیارە ریفۆرمخوازەکان دوورخرانەوە و کاندیدکردنیان ڕەتکرانەوە، لە پێشەنگی ئەو کاندیدانەشدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی پێشووی "میانڕەو" کە کاندیدکردنی بۆ ئەنجوومەنی خوبەرا پووچەڵکرایەوە هەرچەندە ٢٤ ساڵە ئەندامیەتی.

ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەنگدان کردەوەیەکە کە دەبێ "ئەوانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی ئێستا” ئەنجام بدەن و "ئازادی زیاتریان دەوێت”.

ئەم هەڵبژاردنانە یەکەم هەڵبژاردنە لە دوای بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاوکەی کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ وڵاتی هەژاند  کە چەند ڕۆژێک دوای لێدان و مردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسای جل و بەرگی توندی کۆماری ئیسلامیەوە دەستگیرکرابوو.

لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا بەزەبری هێز سەرکوتکرا، سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسی دیکەش دەستگیرکران.

زۆرێک لە خەڵکی ئێران پێیان وایە کە خەمی سەرەکی لە ئێستادا ئابوورییە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ڕێژەی هەڵاوسانی زۆر بەرز کە نزیکەی لەسەدا ٥٠یە.



AM:10:22:01/03/2024