سلێمانی.. مامۆستایان ئەمڕۆ بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی خۆپشاندان ئەنجام دەدەن

مامۆستایان و فەرمانبەرانی‌ ناڕازی‌ لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندانی پاڵپشتی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە دابەشكردنی مووچە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە ئەنجام دەدەن.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی‌ ناڕازی‌ لە بانگەوازێكدا ئاماژەیان بەوەكرد، بە مەبەستی‌ پشتگیری‌ چەسپاندنی‌ دابەشكردنی‌ ڕاستەوخۆی‌ مووچە لەلایەن بەغداوە، ڕۆژی‌ شەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی‌ خۆپیشاندانی‌ جەماوەری‌ بەرفراوان لە بەردەم پەروەردەی‌ ڕۆژئاوای شاری ئەنجام دەدەن.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی‌ ناڕازی‌ داواكاریشن لە سەرجەم "مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان، وانەبێژان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان” كە ئامادەی‌ خۆپیشاندانەكە بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی‌ ٢١ی شوباتی‌ ٢٠٢٤، دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ بڕیاری‌ دا بە پابەند كردنی حكومەتی عێراقی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە.


AM:09:42:02/03/2024