لە نوێترین راگەیاندیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت" کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتر ھونەریین، نەک سیاسی".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " پارەدارکردنی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامە و کێشەکانیش لەگەڵ ھەرێم ئەوەندەی ھونەرین ھێندەی ئەوە سیاسی نین و سەرجەم کێشەکانیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر ھەنگاو دەنێن".
لە درێژەی قسەکانیدا سودانی باس لەوە دەکات کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو لەئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد زۆر باشە و متمانەیەک لە نێوانیاندا دروستبووە کە پێشتر نەبووە.
لە بارەی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر هەێم، سوادانی دەڵێت "ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان قبوڵنەکراوە و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، ھەموو ھەڵسوکەوتێکی تاکەلایەنەش رەتدەکەنەوە ئەگەر ئێران یان ھەر لایەنێکی تر بێت".
سودانی لەو کاتەوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە پەیوەندیەکی باشی هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و هەرێمدا هەیە، بەڵام بەو پێیەی ئەو پۆستەی لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتەوە وەرگرتووەو خۆی خاوەنی کوتلەیەکەی گەورەی پەرلەمانی نییە، دەسەڵاتەکانی سنوردارن.