داتا و ئامارەکانی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێم
رۆژانە زیاتر لە ٢٨ تەڵاق تۆمارکراون

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان  پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی لە ماوەی نێوان ( ٢٠١٣- ٢٠٢٣)، واتە لەماوەی (١٠) ساڵی رابردوو، بڵاویکردووەتەوە"  لە ساڵی ٢٠٢٣ زۆرترین هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی و جیابوونەوە لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە،  لە دوای نەگونجان و جیاوازی تەمەن خیانەتی هاوسەری گەورەترین هۆکار بووە بۆ حاڵەتەکانی جیابوونەوە".


بەپێی داتاکان ژمارەی لێکجیابوونەوەکان بەراورد بە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێم لە ساڵی (٢٠١٤) لە رێژەی (١٨%)ەوە بۆ ساڵی (٢٠٢٣) بەرزبووتەوە بۆ(٢٧٪).


بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەماوەی سالانی (٢٠١٤ - ٢٠٢٣) لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (٤٧٢ هەزار و ٥٨١) پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە کە (٤٤٦ هەزار و ٢٣٤) حاڵەتیان ڕاستەوخۆ لە دادگاکان تۆمار کراون (٢٦ هەزار و ٣٤٧) حاڵەتیان مارەبڕینی دەرەکی بوونەو لە دادگا پەسەندکراون. واتە بە تێکڕا؛ ساڵانە (٤٧ هەزار و ٢٥٨) حاڵەت، مانگانە (٣ هەزار و ٩٣٨) حاڵەت و رۆژانە (١٢٩) مارەبڕین تۆمارکراون.

 زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لەساڵی (٢٠٢٣) لە پارێزگای سلێمانی بووە، رێژەی هاوسەرگیری بەم شێوەیە بووە:

١-  لە سنوری پارێزگای هەولێر: (١٧ هەزار و ٥٤٣) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (٣٣٪).

٢-  لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (٢٠ هەزار و ٤٠٧) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (٣٨٪). 

٣-  لە سنوری پارێزگای دهۆک: (١٢ هەزار و ٤٩٩) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی ( ٢٤٪).

٤- لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (٢ هەزار و ٦١٨) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (٥٪).


هەروەها لە ماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٩٦ هەزار و ٤٤) خێزان هەڵوەشاونەتەوە، واتە بە تێکڕا، ساڵانە (٩ هەزار و ٦٠٤) حاڵەت، مانگانە (٨٠٠) حاڵەت و هەموو رۆژێک زیاتر لە (٢٦) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. ساڵی (٢٠٢٣) بەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە.

لە ساڵی (٢٠٢٣) بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای هەولێر بووە، ئامارەکان بەم جۆرەن: 

١- لە سنوری پارێزگای هەولێر: (٥ هەزار و ٨٥٧) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (٤١%) تۆمار کراوە.

٢- لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (٥ هەزار و ٤٣٨) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (٣٨%) تۆمار کراوە.

٣-  لە سنوری پارێزگای دهۆک: (٢ هەزار و ١٦٤) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (١٥%) تۆمار کراوە.

٤- لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (٨٥٣) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (٦%) تۆمار کراوە.

بە گوێرەی راپۆرتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم هۆكارەكانی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان  بریتین لە:"خیانەتی زەوجی، مۆبایل و ئینتەرنێت، نەگونجان، نەزۆكی، ماڵی جیا".

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان  هۆكارەكانی جیابوونەوە (تەڵاق) بەمشێوەیەیە:

- نەگونجا لەگەڵ یەكتری: ٢٥%

- جیاوازی تەمەن: ١٤%

- خیانەتی زەوجی: ١٣%

- نەبوونی ماڵی جیا: ١٠%

- مۆبایل و ئینتەرنێت: ١٠%

- هۆكاری نەزۆكی: ٩%

- هۆكاری كۆمەڵایەتی: ٩%

- ژنهێنانی دووەم: ٤%

- هۆكاری ئابوری:٣%

- هۆكاری دیكە: ٣%

- هۆكاری ئایینی: ٠%

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە داتاکان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٩٦٧) حاڵەت، بە تێکڕا؛ ساڵانە (٩٧) حاڵەت، مانگانە (٨) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت.

بەرزترین حاڵەتی ڕێگەدان بە هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی (٢٠١٦) تۆمارکراوە کە (٢٣٩) حاڵەت و کەمترینیشی لە ساڵی (٢٠١٧) بووە کە (٤١) حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە.



PM:02:22:08/03/2024