شارەزایەکی بواری کەشوهەوا پێشبینییەکانی کەشوهەوا یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و چەند ڕۆژێکی دیکەی داهاتووی ڕاگەیاند و دەڵێت" کەشێکی سەقامگیر و وشک ناوچەکانمان دەگرێتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی دووشەممە ١١ی ئازار کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزان کەشێکی سەقامگیر و وشک ناوچەکانمان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی چوارشەممەو ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤ پێشبینیدەکرێت ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرمی باکوری ئەفریقا و پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم بۆ زیاتر لە (٢٠) پلەی سەدی بەرزببێتەوە و لە ناوچەکانی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە (٢٥) پلە و ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق بۆ زیاتر لە (٢٨) پلە و کەشێکی بەھارە دروستدەبێت و تا (١٧) ئەم مانگە کاریگەریەکانی بەردەوام دەبێت.